قوباد تاڵەبانی: حکومەتێکی کاربەڕێکەر ناتوانێت بەپێی پێویست کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات

قوباد تاڵەبانی: حکومەتێکی کاربەڕێکەر ناتوانێت بەپێی پێویست کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات

2026-02-02

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە کۆبوونەوەی لەگەڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق رایگەیاند حکومەتی کاربەڕێکەری ئێستای هەرێم ناتوانێت بەپێی پێویست خزمەتی هاووڵاتییان بکات و کێشەکانی هەرێم چارەسەر بکات.

لە تەوەرێکی کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەکشەمە(2/2/2026) لە هەولێر بە ئامادەبوونی ئەندرۆ بیزڵی، کونسوڵی گشتیی بەریتانیا بەڕێوەچوو، گفتوگۆکرا لەبارەی پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی بە ئاماژەدان بە دۆخی ناوچەکە و هەروەها دۆخی سیاسیی ناوخۆی عێراق، رایگەیاند پێویستە لایەنە عێراقییەکان لە گفتوگۆکانیان بە رەچاوکردنی دۆخی ناوچەکە و هەروەها داواکارییەکانی هاووڵاتییانی عێراق هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێک بدەن کە بتوانێت سەقامگیریی عێراق بپارێزێت و هاوکات هەنگاوی جدی بنێت بەرەو گەشەپێدانی ئابووری و باشترکردنی دۆخی خزمەتگوزاری لە هەموو عێراقدا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی بۆ باڵیۆزی بەریتانیا روون کردەوە و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی بە پێویستییەکی بنەڕەتی دانا بۆ پاراستن و بەهێزکردنی قەوارەی هەرێم و راشیگەیاند ئەم حکومەتە کاربەڕێکەرە و لە ئاستی قۆناغەکەدا نییە و ناتوانێت وەک پێویست متمانەی گەلی کوردستان و دۆستانمان لە ناوچەکە و جیهان بەدەست بهێنێت و لەهەمانکاتدا هەنگاوی پێویست بنێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە هەرێم.

بۆ داونلۆدکردنی سەرجەم وێنەکان بە کواڵیتیی بەرز، کلیك لێرە بکە

گەلەرییەکانی تر